وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان پشتگیری لە داخستنی پاڵاوتگەی نایاساییەکان دەکات

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییان پشتگیری لە ڕێکارەکانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ داخستنی پاڵاوتگەی نایاساییەکان دەکات.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، پشتگیری لە ڕێکارەکانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ داخستنی پاڵاوتگەی نایاساییەکان دەکات، کە بە بێ مۆڵەتی وەزارەت و لە دەرەوەی رێنماییەکان دامەزراون.

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، جگە لە هەرسێ پاڵاوتگەی كار، لاناز و قەیوان مۆڵەتیان بە هیچ پاڵاوتگەیەكی دیكە نەداوە و ئەم سێ پاڵاوگەیەش لەسەر بنەمای مەرج و رێنماییەكانی وەزارەت كار دەكەن.

هەروەها جەخت دەکاتەوە کە پێدانی مۆڵەت بە پاڵاوتگەکان لە ڕێگەی وەزارەت و پابەندبوون بە رێنماییەکان دەبێت، یەکێک لەوانە پێوەرەکانی پاراستنی ژینگەیە کە لایەنی ژینگەیی بەشی هەرە گرنگی ڕێنماییەكانە.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕاشیگەیاندووە، بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان بە نووسراوی فەرمی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار کردووەتەوە پێویستە ڕێکاری یاسایی بۆ پابەندکردنی موەلیدەكانی كارەبا و بەكارهێنانی گازی كوالێتی باش بە پێی خەسڵەتەكانی پەسەندكراوی وەزارەت بگیرێتە بەر و بۆ ڕێگری لە ساخكردنەوەی بەرهەمی نایاسایی و خراپی پاڵاوتگەكانیش داوا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان کراوە تاقیگە نایاساییەکان دابخەن.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوتگە نایاساییەکان ئامادەی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانە.

دڵخوازەكانتان