سەرۆک بارزانی: تاوانەکانی دژی خەڵكی كوردستان، دەرئەنجامی عەقڵییەتی شۆڤێنیی دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراق بووە

سەرۆک بارزانی لە 41ـەمین ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان دەڵێت، “ئەو تاوانانەی لە دژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراون، هەر هەمووی دەرئەنجامی عەقڵییەتی شۆڤێنی و خۆسەپێن و نامرۆڤانەی دەستەڵاتدارانی سەردەمی پێشووی عێراق بووە”.

چوارشەممە، 31-07-2024، سەرۆك بارزانی، لە 41ـەمین ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، “ئەو تاوانە بەشێك بوو لە دەستپێكی ئەو زنجیرە تاوانانەی بەشێوەیەكی ڕێكخستوو بۆ لەناوبردنی گەلی كوردستاندا لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دراوە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفال و كیمیابارانەكان لە سەرتاسەری كوردستان و تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆر و گۆڕینی دیموگرافیای كوردستان”.بە گوتەی سەرۆک بارزانی، “ئەو تاوانانەی لە دژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراون، هەر هەمووی دەرئەنجامی عەقڵییەتی شۆڤێنی و خۆسەپێن و نامرۆڤانەی دەستەڵاتدارانی سەردەمی پێشووی عێراق بووە. ئەو عەقڵییەتە هۆكاری سەرەكیی دواكەوتوویی و نەهامەتی و كارەسات بووە، بۆ هەموو گەلانی عێراق و ناوچەكە”.دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی چل و یەك ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان:بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبانڕژێمی پێشووی عێراق لە کردەوەیەکی ناڕەوا و بێویژدانانەدا هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانیی، لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا نەوەد ساڵی، تەنیا لەبەر بارزانیبوون و كوردبوون دەستبەسەر كرد و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە لە بیابانەكانی باشووری عێراق كۆمەڵكوژی كردن. ئەو تاوانە بەشێك بوو لە دەستپێكی ئەو زنجیرە تاوانانەی بەشێوەیەكی ڕێكخستوو بۆ لەناوبردنی گەلی كوردستاندا لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دراوە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفال و كیمیابارانەكان لە سەرتاسەری كوردستان و تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆر و گۆڕینی دیموگرافیای كوردستان.لە چل و یەكەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین. هەروەها سوپاسی خەڵكی بەئەمەكی كوردستان بە تایبەت جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران دەكەین كە لەو ڕۆژگارە تاڵەدا هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی كەسوكاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایك و ئافرەتە بارزانیانە دەكەین كە نموونەی خۆڕاگری و قارەمانێتی بوون و ئازاری چاوەڕوانی و دووری و لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە.ئەو تاوانانەی لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراون، هەر هەمووی دەرئەنجامی عەقڵیەتی شۆڤێنی و خۆسەپێن و نامرۆڤانەی دەستەڵاتدارانی سەردەمی پێشووی عێراق بووە.ئەو عەقلیەتە هۆكاری سەرەكیی دواكەوتوویی و نەهامەتی و كارەسات بووە، بۆ هەموو گەلانی عێراق و ناوچەكە.مسعود بارزانی31ی تەممووزی 2024

دڵخوازەكانتان