لە سلێمانی نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگە تەنها یەك مووچەیان پێدەدرێت

ئەمڕۆ پێشمەرگە مووچەی دوو مانگ پێکەوە وەردەگرێت ، بەڵام زیاتر لە دوو هەزار پێشمەرگەی هێزەکانی 70ـی یەکێتی، تەنیا مووچەی یەک مانگ وەردەگرن و مووچەی مانگی شەشیان دوادەخرێت.

بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبێت ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی یەکەی 70 و 80، هێزەکانی زێرەڤانی و هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن دوو مووچەی دواخراویان وەربگرن، کە مووچەکانی مانگی پێنج و شەشی رابردووە.

 نزیکەی 5 هەزار پێشمەرگەی یەکەی 70 لە بانکی مەڵکەندی لە شاری سلێمانی مووچە وەردەگرن.

 شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکەکە بە كەناڵی ڕوداوی ڕاگەیاندووە “تەواوی ئەو پێشمەرگانەی ناویان لە بانکەکەمانە، مووچەی مانگی پێنجیان وەردەگرن، بەڵام نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگە ناویان تەنیا لە لیستی مانگی پێنجدایە و مووچەی مانگی شەشیان پێنادرێت.” 

دەشڵێت:” ئەو پێشمەرگانەی یەک مووچەیان پێدەدەرێت، مووچەی دووەمیان لەگەڵ مووچەی مانگی حەوتدا پێدەدرێت.

هاوكات ئاریا ئەنوەر، بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان دەڵێت  “لای ئێمە هیچ کێشەیەک دروستنەبووە و مووچە دابەش دەکەین بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی بڵاوی کردووەتەوە.” 

هاوکات چەند پێشمەرگەیەکی یەکەی 70 لە قەزای چەمچەماڵ بە ڕایانگەیاندووە  لای ئەوانیش کێشە بۆ دوو مووچەکەیان دروستبووە و تەنیا یەک مووچەیان پێدراوە.

دڵخوازەكانتان